زانکۆی چەرموو
زانکۆی چەرموو متمانەی پێبەخشراوە وەک دامەزراوەیەکی ئەکادیمی لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان- عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ وە. دەکەوێتە شارۆچکەی بچووکی چەمچەماڵ. زانکۆی چەرموو، دامەزراوەیەکی هاوبەشی پەروەردەیی عێراقییە بۆ خوێندنی باڵا. زانکۆی چەرموو (ChU) خول و پرۆگرام پێشکەش دەکات کە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی بڕوانامەی فەرمی خوێندنی باڵا لە چەند بوارێکی خوێندندا. هەروەها چو چەندین ئاسانکاری و خزمەتگوزاری ئەکادیمی و نائەکادیمی پێشکەش بە خوێندکاران دەکات، لەوانە کتێبخانە و هەروەها خزمەتگوزاری کارگێڕی.
زانکۆی چەرموو متمانەی پێبەخشراوە وەک دامەزراوەیەکی ئەکادیمی لە لایەن هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠٢٤ وە، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان- عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ وە
پ.ی.د. هەڵەت رشید عبدالله - سەرۆکی زانکۆی چەرموو
بەخێربێن بۆ زانکۆی چەرموو، یەکێک لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
ئەم زانکۆیە بەناوی یەکێک لەکۆنترین گوندە کشتوکاڵییەکانی جیهان ناونراوە کە گوندی (چەرموو)ـەو بەدووریی (١١) کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری چەمچەماڵ- ناوەندی قەزاکە هەڵکەوتووە. ئەم زانکۆیە بەپێی تەمەنی دروستبوونی، زانکۆیەکی نوێیە، بەڵام لە زانستدا رۆچووەو کۆنە بە هێندەی کۆنیی ناوەکەی. ئامانجی ئەم زانکۆیە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتییە لە ناوچەکەدا. دەیەوێت لەئاستی هەڵگرتنی ناوی بەرزی (چەرموو)دا بێت و داهێنان بکات، ناوچەکە بکاتە سەرمەشقی شۆڕشێکی ئابووریی نوێ بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی و ناوچەکە بەتایبەتی، وەکچۆن لە رابردوودا سەرمەشقی داهێنانی شۆڕشی کشتوکاڵیی بوە.
لە زانکۆی چەرموو، خوێندکار سەنتەری فێربوونەو کار لەسەر توانا زاستییەکانی خوێندکار دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆ مامۆستای ئاستبەرزی دامەزراندووەو پرۆگرامی نوێی خوێندنی بە فێرخواز گەیاندووە. بەردەوامیشە لە پەیوەندیی لەگەڵ زانکۆ ئاستبەرزەکانی دەرەوەی کوردستان و عیراق لەپێناو بەستنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن بە زانکۆ جیهانییەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و توانای ئەکادیمی و زانستیی ئەوانیتر.
لەو رۆژەوەی کە ئەرکی سەرۆکایەتیی ئەم زانکۆیەم پێ سپێردراوە، ئامانجی من ئاراستەکردنی ستراتیژی کارکردنی زانکۆ بەرەو بازاڕی کار و پێگەیاندنی کادری بەتوانایە بۆ کەرتی پیشەسازی و بازرگانی و سێکتەرەکانی دیکە لە هەرێمدا. لەم روانگەیەوە، پاڵپشت بە کارنامەی حکومەتی هەرێم و بە راوێژ و رێنوێنیی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە بەرنامەماندایە کۆلێژ و بەشی زانستیی نوێ بکەینەوە بەلەبەرچاوگرتنی داهاتووی خوێندکار و پێویستیی بازاڕ، بەجۆرێک کە داهاتووی خوێندکار لەپاش تەواوکردنی خوێندنی زانکۆیی روونبێت و بزانێت ئامانجی زانکۆ پێگەیاندنی ئەوە بۆ گەشەپێدانی ئابوری کۆمەڵگا و بەگەڕخستنی تواناکانی خۆی و ئەو زانست و زانینەی کە لە ساڵانی خوێندندا بەدەستی هێناوە.
جگە لەوەش، ئێمە زانکۆ بەتەنها وەک ناوەندێکی خوێندن و فێرکردن نابینین. کاردەکەین لەسەر جوانکردنی ژینگەی زانکۆ و رەخساندنی کەشێکی لەبار بەڕەچاوکردنی خواستەکانی خوێندکار لەبواری ئارەزوومەندی خۆی لە وەرزش و هونەر. تاوەکو لەم رێگەیەوە خوێندکار زیاتر وابەستەو هۆگری زانکۆ بکەین کە لەسەر بنەمای خۆشەویستیی و دڵسۆزیی، خوێندکارو زانکۆ بکەین بە دووانەیەکی تەواوکاری یەکتر. زەمینەیەکی ئەوتۆ بڕەخسێنین کە کچ و کوڕەکانمان ئارەزووی مانەوەیان لە زانکۆ زیاتربێت و هەست بەوە بکەن کە زانکۆ ماڵی خۆیانە و ژینگەی زانکۆ تایبەت کراوە بۆ فێربونی ئەوان.
خوێندکارانی ئازیز..
مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی چەرموو، سورن لەسەر ئەوەی کە باشترین خزمەت پێشکەشی ئێوە بکەن. هەموان لە پێناو گەشەپێدانی تواناکانی ئێوەو بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی ئێوە کاردەکەن، تاوەکو ئێوە بتوانن پاشەڕۆژ لە شوێنی کارەکەتاندا ببنە جێی رەزامەندیی خاوەنکار و هاوڵاتیان. تا کاربکەن لەسەر بەرزکردنەوەی توانای هاوپیشەکانتان و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هەوڵبدەن بۆ پێشخستنی زانست و پەرەپێدانی مەیدانی کار لە کوردستان و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی کە ئێستا بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتوە. پێکەوە کاربکەین بۆ بەرزکردنەوەی ناوی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەرێگەی بوژاندنەوەی ئابوری و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاکی کورددا.
لەکۆتاییدا سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین رۆڵییان هەبوو لە دامەزراندنی ئەم زانکۆیە. سەری رێز دادەنەوێنین بۆ شەهیدانی کوردستان و کەسوکارییان کە ئەم زانکۆیە بەرهەمی خوێنی ئەوانەو پاراستن و گەشەپێدانی ئەرکی ئێمەیە.
ئەرکە سەرەکییەکەمان پێگەیاندنی کەسانی پسپۆر و شارەزایە لە بوارە جیاوازەکاندا، بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و ناوچەی گەرمیان بەتایبەتی دابین بکەین. لە داهاتوودا، پلانمان هەیە بۆ کردنەوەی بەرنامەکانی خوێندنی پیشەیی و خوێندنی باڵا کە لەگەڵ پێداویستییە هاوچەرخەکان و داواکارییەکانی بازاڕی کار بگونجێن. ئامانجمان بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پیشەیی گەنجەکانمانە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی گەشتر.
زانکۆکەمان بەردەوام هەوڵ دەدات بەرنامەی خوێندنی پیشەیی و باڵا پەرە پێ بدات بەپێی پێداویستییە هەنووکەییەکانی بازاڕی کار. ئامانجمان بەهێزکردنی توانا و شارەزایی گەنجەکانمانە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی پڕۆفیشناڵ و سەرکەوتوو.
**پێناسەی لۆگۆ و ئاڵای زانکۆی چەرموو**
لۆگۆی زانکۆی چەرموو کە لەلایەن (بەڕێز شێرکۆ خانزادی)یەوە دیزاین کراوە،ئاماژەیە بۆ ناوی زانکۆکە و ئامانجەکانی. لۆگۆکە بە شێوازێکی مۆدێرن دروستکراوە.
لۆگۆی زانکۆی چەرموو پێکهاتووە لە:
- گوڵە گەنمێک بە گەڵای سەوزەوە
- پێنووسێک
- کتێبێک
- بینای شارستانی
**واتای هێماکانی ناو لۆگۆکە:**
گوڵە گەنمەکە هێمایە بۆ گوندی چەرموو (جەرمۆ) کە یەکەمین گوندی کشتوکاڵییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆ چاندنی گەنم. گەڵای گەنمەکە ئاماژەیە بۆ سەوزایی و توانای مانەوە و بەپیتی گەنمەکە. پێنووس: هێمای فێربوون و پەروەردەیە. کتێب: هێمای کولتوور و زانستە. بینای مۆدێرن: هێمای زانستی هاوچەرخ و کۆمەڵگای پێشکەوتووە.
**واتای ڕەنگەکان لە لۆگۆ و ئاڵاکەدا:**
گوڵە گەنمەکە ڕەنگی (پانتۆن پرتەقاڵی ١٥٩ سی)یە و ڕەنگی سەرەکی زانکۆی چەرمووە. ئەم ڕەنگە هێمایە بۆ خاکی بەپیت. هەروەها، گوڵە گەنمەکە دەبێتە تێکەڵەیەک لە پرتەقاڵی تۆخ و زێڕین کاتێک دەگاتە کاتی پێگەیشتن و ئەم ڕەنگە بە ڕەنگی کار و تەکنەلۆژیا ناسراوە.
ڕەنگی پرتەقاڵی تۆخ هێمایە بۆ هاوینی وشک و گەرم و زستانێک کە کەشوهەواکەی لە سەرووی سفرەوەیە کە ڕێک کەشوهەوای گەرمیان و چەمچەماڵە. نموونەی هاوشێوە، شاری ئۆستن لە ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا کە زانکۆی تەکساسی تێدایە هەمان تۆنی ڕەنگی زانکۆی چەرموو بەکاردەهێنێت.
وشەی چەرموو بە ڕەنگی (شینی دەریایی پانتۆن ٢٧٤٧ سی) نووسراوە. ئەم ڕەنگە نوێنەری خوێندن و زانینە و دەبێتە هۆی متمانە بەخۆبوون و ئارامی. هەروەها ئەم ڕەنگە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر جەستە و هزر. ڕەنگی شینی دەریایی پانتۆن هەروەها هێمایە بۆ دڵسۆزی و لێهاتوویی.
ڕەنگی سەوزی تۆخ (سەوزی پانتۆن ٣٤٩ سی) لە لۆگۆی چەرموودا ئاماژەیە بۆ کشتوکاڵ و ئەم ڕەنگە ڕەنگێکی تەندروستە و دەبێتە هۆی ئارامکردنەوەی مێشکی خەڵک. ڕەنگی سەوز بە ڕەنگی ژیان ناسراوە هەروەک گوندی چەرموو (جەرمۆ) کە کۆنترین گوندە لە جیهاندا کە خەڵکی تێیدا ژیاون.
ڕەنگی خۆڵەمێشی (خۆڵەمێشی پانتۆن ٤٢٥ سی): ئەم ڕەنگە لە دیزاینی جیهانیدا بە ڕەنگی هاوسەنگی ناسراوە کە هاوسەنگی لە نێوان هەموو ڕەنگەکانی تردا دروست دەکات. ڕەنگی خۆڵەمێشی هێمایە بۆ زیرەکی، مێشک و هزر.
پاشبنەمای ئاڵاکە هەمان ڕەنگی پرتەقاڵی (پرتەقاڵی پانتۆن ١٥٩ سی) لۆگۆکەی هەیە، و ڕەنگی سپی ئاڵاکە نوێنەرایەتی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەکات لە پایتەختی شەهید و ئەنفال (چەمچەماڵ).
چەمچەماڵ ، شارۆچکەیەکە دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی سەر بە ئیدارەی بەڕێوەبەری هەرێمی کوردستان. ئەم شارۆچکەیە پێشتر سەر بە پارێزگای کەرکووک بووە ، بەیەکێک لە ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق دادەنرێت.
مێژوو
شارۆچکەی چەمچەماڵ بە یەکێک لە شارۆچکە دێرینەکانی کوردستان و عێراق دەژمێردرێت و نزیکی ١٠ کم لە گوندی (چەرموو) وە دوورە کە بە یەکەم مەڵبەند دادەنرێت کە مرۆڤ کشتوکاڵی تێدا کردووە، ئەمەش بە ھێزترین بەڵگەیە بۆ دێرینی ئەم شارۆچکەیە کە لەو کاتەوە مرۆڤی تێدا نیشتەجێ بووە. ئەرگە چی لە ڕووی مێژووییەوە سەرچاوەی ئەوتۆمان نیە لەسەر ئەم شارۆچکەیە بەڵام بوونی قەڵایەک لە ناوەڕاستی شارەکە ڕاستی و دروستی دێرینی ئەم شارە دەسەلمێنێ بە تایبەتی پاش دۆزینەوەی چەند پارچە ئاسەوارێک کە مێژوکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانیەکان.
قائیمقامیەت بە یەکێک لە کۆنترین دەزگا میریەکان لەساڵی ١٨٥١ ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و دەسەڵاتداران شاری چەمچەماڵیان کردوە بە قەزا پاشان گونێک دراوەتەو سەر با ناحیەی بازیان جارێکی ترو لە ساڵی ١٩٢٢ سەر لە نوێ کراوەتەوە بە قەزا تا ئێستاش قەزایە.
ناوی شارۆچکەکە
سەبارەت بە ناوی شارەکە چەندەین بیر و بۆچوون، بەلام زۆربەی لە خاڵێک یەکدەگرنەوە ئەوەیش وەکو باس دەکرێت کە لە کاتی خۆیدا ئەم ناوچەیە ڕەز و باخێکی زۆری تێدا بووە و ھەر ماڵێک لە سەر ڕەز و باخی خۆی بووە پاشان بە ھۆی لافاوێکی گەورەوە کە ئەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە زۆربەی ڕەز و باخەکان لافاو ڕای دەماڵێ و خاپووری دەکات، بەڵام جارێکی تر و سەرلەنوێ ئەم شارە دروست دەکرێتەوە.
چەمچەماڵ لە کاتی فەرمانڕەوایی بابانەکان بەشێک بووە لە خاکی سلێمانی و ئەوان ھەڵیان سوڕاندووە تا ساڵی ١٨٥١ کە دەوڵەتی عوسمانی سلێمانی داگیر دەکات لە کاتی داگیر کردنی عێراق لە لایەن بەریتانیاوە ئەم شاررۆچکەیە خراوەتە سەر پارێزگای کەرکووک، لە کۆتاییی ساڵی ١٩٧٥ دووبارە ئەم شارۆچکەیە خراوەتەوە سەر پارێزگای سلێمانی
دەڵێن کەسێک ھەبووە لە چەمچەماڵ ناوی جەماڵ بوە باخێکی ھەبووە لە گەڵ چەمە ئاوێک بە ناوی ئەو نراوە کە ووتویانە چەمی جەماڵ بە مرووری زەمان کراوە بە چەمچەماڵ.
گوایە ووشەی چەمچەماڵ لە سێ بڕگە پێکھاتووە (چەم و چەم و ماڵ) کە شروشتی ناوجەکەش وەھایە کە چەم و شیوی زۆری تیادایە.
بەواتای خانوویەک لەسەر چەمێکی بچوک، لەئێستادا چەمێکی بچوک بەناو شارۆچکەکەدا تێپەڕ دەبێت.[٣]
دانیشتوانی چەمچەماڵ
ژمارەی دانیشتوانی چەمچەماڵ بە ناحیە و گوندەکانی دەورووبەریەوە ۲٠۰ ھەزار کەس دەبێت، دانیشتوانی ناو شاری چەمچەماڵیش نزیکی ٥٥ ھەزار کەس دەبێت.
سنووری جۆگرافیا
[شارۆچکەی چەمچەماڵ لە باکورەوە زنجیرە چیای هەنجیرە و دەربەندی بازیان و لە ڕۆژھەڵاتیش ڕووباری باسەڕە و زێی خوارویش ڕۆژئاوای ئەم شارەیە گردەکانی بانی مەقان باشووری سنوری جوگرافیای چەمچەماڵ دیاری دەکەن.